- بە کۆڕای قورئانەوانان و زانایان و شەرعناسان، ژمارەی ئایەتەکانی سورەتی «فاتیحە» حەوتە.
ئیبنو کەسیر لە تەفسیرەکەیدا دەفەرموێت: "ئیمامی قورتووبی فەرموویەتى: ئوممەت لەسەر ئەوە یەکدەنگن کە ژمارەى ئایەتەکانی سورەتی «فاتیحە» حەوتن، بەڵام ئەوەی کە حوسەینی جەعفی فەرموویەتى: ئایەتەکان شەشن، یان ئەوەی کە حەسەنی بەسری و عەمری کوڕی عوبەید فەرموویانە: ئایەتەکانی هەشتن، ڕیزپەڕ (شاذ)ن."
ئەم دوو بەڕێزەی دوایی، (حەسەنی بەسری و ئیبنو عوبەید) فەرموویانە کە (إیاك نعبدُ) و (إياك نستعين) دوو ئايەتی سەربەخۆن.. ئەم بۆچوونەیان کاریگەریی لەسەر کۆڕا (ئیجماع)ـەکەی ئوممەت نەبووە کە فەرموویانە: ئایەتەکانی سورەتی «فاتیحە» حەوتن. (ﱒ ﱓ ﱔ ﱕ)یش یەک ئایەتە.
سورەتی «فاتیحە» مەککییە، یان مەدەنی؟
ئایا «فاتیحە» لە مەککەی پیرۆز، پێش هیجرەت هاتووەتە خوارێ، یان لە مەدینەی نوورانی و دوای هیجرەت؟
جمهووری ئەهلی تەفسیر لەسەر ئەوە کۆن کە سورەتی «فاتیحە» مەککییە، هەندێکیان فەرموویانە: یەکەمین سورەت بوو کە هاتە خوارەوە، بەڵام بەڵگەى ڕاست و دروست لەسەر ئەوەیە یەکەمین سورەت کە هاتووەتە خوارێ: سورەتی (العلق)ـە: ﱡﭐ ﲅ ﲆ ﲇ ﲈ ﲉ ﲊ ﱠ (العلق: ١)، دوای ئەمیش سورەتی (المدثر) هاتووە، پاشان سورەتی «فاتیحە».
دەشڵێن: سورەتی ﱡﭐﱹﱺ ﱻ ﱠ (القلم: ١)، پێش «فاتیحە» و سورەتی (المُزَّمِّل) هاتووەتە خوارێ، ڕیوایەتی جابری کوڕی زەید «جابر بن زید» دەفەرموێت: سورەتی "«فاتیحە» پێنجەمین سورەتە لە هاتنە خوارەوەدا."
وتیشمان کە ژمارەی ئایەتەکانی حەوتە و بەڵگەی سەحیحی لەسەرە، وەکوو ئەو فەرموودەیەی لای بوخاری و موسلیمە کە لە ئەبو هورەیرەوە (خوا لێی ڕازی بێت) گێڕاویانەتەوە و فەرمووی:
پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرمووی: [قالَ اللَّهُ عّزّوجَلَّ: قَسَمْتُ الصَّلاةَ بَيْنِي وبيْنَ عَبْدِي نِصْفَيْنِ، فَنِصفُها لي ونِصفُها لِعَبدي، ولِعَبْدِي ما سَأَلَ، يقولَ العَبْدُ: (الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ العالَمِينَ)، فأقولُ: حَمِدَنِي عَبْدِي، فإذا قالَ العَبدُ (الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ)، يقول اللَّهُ: أثْنَى عَلَيَّ عَبْدِي، وإذا قالَ العَبدُ: (مالِكِ يَومِ الدِّينِ)، قالَ اللهُ: مَجَّدَنِي عَبْدِي، وإذا قالَ: (إيَّاكَ نَعْبُدُ وإيَّاكَ نَسْتَعِينُ) قالَ الله: هذا بَيْنِي وبيْنَ عَبْدِي، وإذا قالَ: (اهْدِنا الصِّراطَ المُسْتَقِيمَ صِراطَ الَّذينَ أنْعَمْتَ عليهم غيرِ المَغْضُوبِ عليهم ولا الضَّالِّينَ) ـ الفاتحة: 2 - 7 ـ قالَ اللهُ: هؤلاء لِعَبْدِي ولِعَبْدِي ما سَأَلَ].
واتە: "خوای گەورە فەرمووی: نوێژم لەنێوان خۆم و عەبدەکەمدا کردووە بە دوو بەشەوە، نیوەی بۆ من و نیوەی بۆ عەبدەکەم، با عەبدەکەشم داواکاریی خۆی پێشكەش بکات.
عەبدەکە دەڵێت: (الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ العالَمِينَ)، منیش دەڵێم: عەبدەکەم سوپاس و ستاییشی کردم. کە عەبدەکەم دەڵێت: (الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ)، خواى گەورە دەفەرموێت: عەبدەکەم مەدحی کردم. کە عەبدەکەم دەڵێت: (مالِكِ يَومِ الدِّينِ)، خوای گەورە دەفەرموێت: عەبدەکەم بە پیرۆز و مەزنی دانام. کە دەڵێت: (إيَّاكَ نَعْبُدُ وإيَّاكَ نَسْتَعِينُ)، خواى گەورە دەفەرموێت: با ئەمە لەنێوان من و عەبدەکەمدا بێت. کە دەڵێت: (اهْدِنا الصِّراطَ المُسْتَقِيمَ صِراطَ الَّذينَ أنْعَمْتَ عليهم غيرِ المَغْضُوبِ عليهم ولا الضَّالِّينَ)، خواى گەورە دەفەرموێت: ئەوانەش بۆ عەبدەکەم (دەهێنمە دی). عەبدەکەم چیی تری دەوێت، با داوا بکات."
ئاوا دەردەکەوێت کە ئایەتەکان حەوتن، سێی یەکەم، پاشان یەک ئایەتی نێوان، پاشان سێ ئایەتی دوایی کە بۆ عەبدەکانییەتی.
زانایانی مەدینە، بەسمەلە: (بسم الله الرحمن الرحیم) بە ئایەتێک دانانێن و (أنعمتَ عَليهم)یش بە ئایەتێک دادەنێن، بەڵام زانایانی مەککە و کووفە، بەسمەلە بە ئایەتێک دەزانن و (أنعمتَ عَليهم)یش بە بەشێک لە ئایەتێک.
- واحیدی نەیشاپووری لە کتێبەکەیدا (أسباب النزول) و (الثعلبي) لە تەفسیرەکەیدا لە سەییدنا عەلییەوە (خوا لێی ڕازی بێت) ڕیوایەتیان هێناوەتەوە کە (فاتحة الکتاب) لە مەککەی پیرۆز هاتووەتە خوارەوە.
- ئیبنو ئەبو شەیبە لە کتێبەکەیدا (المُصنّف)، هەروەها ئەبو نوعەیم لە کتێبی (دلائل النبوة)کەیدا و بەیهەقی لە کتێبی (دلائل النبوة)ـەکەی خۆیدا، هەروەها واحیدی و (الثعلبي) لە عەمری کوڕی شورەحبیل «عمرو بن الشرحبیل»ـەوە (خوا لێی ڕازی بێت) گێڕاویانەتەوە: [أن رسول الله (صلى الله عليه وسلم) لما شكا إلى خديجة ما يجده عند أوائل الوحي، فذهب به إلى (ورقة) فأخبره فقال له: "إِنِّي إِذَا خَلَوْتُ وَحْدِي سَمِعْتُ نِدَاءً خَلْفِي: يَا مُحَمَّدُ، يَا مُحَمَّدُ. فَأَنْطَلِقُ هَارِبًا فِي الْأَرْضِ». فَقَالَ لَهُ: لَا تَفْعَلْ، إِذَا أَتَاكَ فَاثْبُتْ، حَتَّى تَسَمَعَ مَا يَقُولُ لَكَ، ثُمَّ ائْتِنِي فَأَخْبِرْنِي. فَلَمَّا خَلَا نَادَاهُ: يَا مُحَمَّدُ، قُلْ: ﴿بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ...﴾ حَتَّى بَلَغَ ﴿وَلَا الضَّالِّينَ﴾].
واتە: "کاتێک پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) هەواڵی دا بە خاتوو خەدیجە کە چۆن وەحیی بۆ دێت، خاتوو خەدیجە بردی بۆ لای وەرەقەى کوڕی نەوفەل (کە یەکێک بوو لەوانەى خۆیان دوورەپەرێز دەگرت لە: بتپەرستی و داب و نەریتی جاهیلی و هەندێک شارەزایی لە دینە ئاسمانییەکاندا هەبوو).
پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بە وەرەقەى فەرموو: کاتێک بە تاقی تەنیا بووم، گوێم لە دەنگێک بوو لە دوامەوە بانگی دەکردم: هۆ موحەممەد! هۆ موحەممەد!
منیش هەڵاتم بۆ دەشت و دەر و ڕام کرد لێی!
وەرەقە عەرزی کرد: وا مەکە، ئەمجارە کە هات خۆت ڕابگرە، تا ئەوە ببیستیت کە پێت دەڵێت، پاشان وەرەوە بۆ لام و هەواڵەکەم بدەرێ.
کە پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئەمجارە بە تاقی تەنیا کەوت، هاتەوە و بانگی کرد: هۆ موحەممەد! بفەرموو: (بسم الله الرحمن الرحیم)، تا گەیشتە (ولا الضالین)ی سورەتی «فاتیحە»."
ئەمانە بەڵگەى ئەو زانا بەڕێزانەن کە دەفەرموون: سورەتی «فاتیحە» مەککییە.
ئەوانەش کە دەفەرموون: مەدەنییە، واتە: لە مەدینە (یان دوای هیجرەتی پێغەمبەری خوا - صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ - بۆ مەدینە) هاتووەتە خوارەوە، ئەم ڕیوایەتانە هەندێک لە ڕیوایەتەکانیانە:
- ئیمامی ئیبنو ئەبو شەیبە لە (المُصَنَّف)ـەکەیدا و ئەبو سەعیدی ئەعرابی لە کتێبەکەیدا (المعجم) و تەبەرانی لە (المعجم الأوسط)ـەکەیدا لەڕێی «موجاهید»ـەوە لە ئەبو هورەیرەوە (خوا لێی ڕازی بێت) دەگێڕنەوە کە فەرمووی: "(فاتحة الکتاب) لە مەدینە هاتووەتە خوارەوە."
- ئیمامی ئیبنو ئەبو شەیبە لە (المصنَّف)ـەکەیدا و عەبدی کوڕی حومەید «عبد بن حُمید» و ئیبنولمونزیر و ئەبو نوعەیم لە کتێبەکەیدا (حلیة الأولیاء) و زاناگەلێکی تریش لە موجاهیدەوە گێڕاویانەتەوە کە سورەتی «فاتیحە» لە مەدینە هاتووەتە خوارەوە!
- هەندێک بۆ ڕێکخستنی ئەم ڕیوایەتانە و پێکەوە گونجاندنیان، فەرموویانە: دوو جار هاتووەتە خوارەوە، جاری یەکەم لە مەککە و جاری دووەم لە مەدینە.
- پێم وایە بەڵگەکانی پۆلە زانایانی یەکەم زۆر بەهێزترن لە بەڵگەکانی زانایانی پۆلی دووەم، بۆیە ڕای پەسەند: ڕای جمهوورە کە فەرموویانە: سورەتی «فاتیحە» لە مەککەی پیرۆز هاتووەتە خوارەوە (والله أعلم).