ژانی مان

پێشەکیی چاپی دووەمی ژانی مان

پێشەکیی چاپی دووەمی ژانی مان

 پێش شانزە ساڵ لەمەوبەر برایەکی دڵسۆز شیعرەکانمی (کە لە ساڵانی 1980-1982ز) دا نووسیبوومن کۆکردەوەو لە دوو توێی تیانووسێکی جواندا پێشکەش بە خۆمی کردەوە! لە ساڵی (1982ز) شدا برایەک لە شاری پاوەی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بە خەتێکی جوان نووسییەوەو ئامادەی چاپی کرد..

پاشان لە لایەن چەند برایەکی ترەوە کە زۆر نەمدەناسین بە ناوی (ژانی بوون)ەوە بە چاپ گەیشت و الحمد للە لە ھەردوو بەشی کوردستاندا بە خۆشحاڵییەوە قبووڵکرا ..

 ھەر زوو نوسخەی لە بازاڕەکاندا نەما.. ئیتر منیش کەوتمە ووڵاتانی ترو دوای ڕاپەڕینەکەش کاروباری سیاسی و بزاڤی رابوونی ئیسلامی -کە وەک بورغوو لە خۆیان پێچام - نەیھێشت بپەرژێمە سەر دیوانی کۆن.. بەشێکی نوێی تری شیعریشم ئامادە کرد کە بە ناوی (ژانی مان) ەوە لە چاپی بدەم، بەڵام کارەساتەکەی ساڵی (1993ز)ی بزوتنەوەی ئیسلامی کاتی ئەوەی لێ سەندمەوەو بە کاری گرنگتری ململانێی (مانەوە) خەریک بووینەوە..

تا دەشھات داوای لە چاپدانەوەی (ژانی بوون) و (ژانی مان) یش زۆرتر دەبوو، تا ئیتر وام بە باشزانی ھەردووکیان بنووسمەوەو پێکەوە چاپیان بکەم .. كه‌ الحمدلله هه‌ر واش ڕێككه‌وت.

 بەشی سێەمی شیعرەکانیش کە لە دوای ساڵانی ١٩٩٣ ەوە نووسراوون ، ماوون و إِنْ شَاءَ اللَّهُ دەرفەتی چاپ و بڵاوکردنەوە بۆ ئەوانیش دەڕەخسێ.

 

 ھیوادارم خوێنەرانی بەڕێز دوای خوێندنەوەی ئەم کۆمەڵە شیعرانە، ھەڵیان سەنگێنن و ڕەخنەکانیانم پێ رابگەێننەوە.. خۆشحاڵ دەبم چونکە دەزانم ھەر چەند کەموکورتیشیان تێدا بێ -کە زۆریشن-  بەقەدەر ئەوان ڕاستگۆیی و دڵسۆزیان بۆ ئیسلامی ڕێبازو کوردی کەسی خۆم و کوردستانی ووڵاتی بێ پەرژینم لە خۆ گرتووە .. ئازادتر بن ..

سلێمانی ١٤١٨ک_١٩٩٨ز