٢٢/٧/١٩٨٠
شیعرەکانم سواڵکەرێ نین
خۆ وا فێر کەن
ماڵان بگەڕێن بۆ نانێ ..
یا وەک شاعیرانی کوفر
لەسەر ھەموو سفرەو خوانێ ..
خۆیان تێر کەن ...
شیعرەکانم، با بزانن
دەنگی ھەموو چەوساوەکانی جیھانن
رەنجبەرێکن تا دوا تەمەن
خزمەتکاری ڕەش و ڕووتی
( شانەدەری ) و ( کەسنەزان ) ن .. (١)
موسوڵمانن ، تا دوا تەمەن
ناڵەی یاسرو سومەییەی (٢)
بێ شوانی ئەم سەردەمەن ..
*****
شیعرەکانم
بەیت و بالۆرەی شایەر نین
لە ھەموو شایی و زەماوەند
ببنە مێشێ
بەدەم کڕنووش بردنەوە
بۆ شاباشێ
بچنە پێشێ
لە دەوری سەری دەوڵەمەند
کۆ ببنەوە ...
شیعرەکانم خواپەرستن
ھۆشیارن
وەک موسوڵمانی بە ھەستن
گشت پیتەکانی ئاگرین
ئاگرێکی پڕ سۆزو قین
ئەڵێن: ئێمەین ھەتاکو ھەین
قەت بۆ سامانی دونیایی
نە بۆ فیرعەون نە بۆ نەمروود (٣)
وەکو زێڕە (٤)
نابین بە سروود ..
*****
شیعرەکانم
ھەرزەیەکی کۆڵانگەڕ نین
بێ بڕوا نین
لە سووچێکی ئەم شارەدا
بۆ تێڕوانین
وەک پاسەوان
ئێشک بگرن
ھەتا ئەمرن ..
*****
شیعرەکانم
کاتێ لێرە سەر ئەبڕرێن
جەرگ و دڵیان دەر ئەھێنرێن
شەھید دەبن
بەس نامرن ..
ئەوجا دەڕۆن .. لێرە دەڕۆن
دەچنە میسر
دەچنە سوریا
دەچنە ئەفغان
لە جێیەکی رۆژھەڵاتا
ستار ئەگرن ..
لەھەر جێ بن کە دەگەنێ
وەک باروود خانەی سەفەری
دەبنە کودی
پڕ باروودی
ساچمە زەنێ ..
شارەزایەکی خواناسن
بۆیە خۆیان بە لاقەدی
موجاھیدێکی ئیسلاما
ھەڵ ئەواسن ..
..................................
(١) شانەدەری و کەسنەزان : دوو دێی ھاوچەرخین کە پێیان دەوترێت ( مجمع سکنی ) یەکەمیان لە سلێمانییەو دووەمیان لە ھەولێرە . ئەو کوردانەیان بە خورتی تێدا نیشتەجێ کرد کە لە دێیەکانی سەر سنوورەکانەوە گوێزرانەوە ..
(٢) یاسرو سومەییە : یەکەمین و دووەمین شەھیدانی ئیسلامن کە لە سەرەتای ئیسلامدا لە ژێر ئەشکەنجەو ئازاردا شەھید کران ..
(٣) فیرعەون : پاشای میسر بوو لە سەردەمی سیدنا موسادا ـ سەلامی خوای لێ بێ ـ نەمرودیش پاشای عێراق بوو لەسەر دەمی سیدنا ئیبراھیمدا ـ سەلامی خوای لێ بێ ـ
(٤) مەبەست لە سروودی ( سەرۆکمان زێڕە ) یە کە بۆ سەددامی تاغووت دەوترا .
بۆ بیستنی ئهم هۆنراوهیه بهندهنگی مامۆستا كرێكار لێره كرته بكه