مه‌سه‌له‌ی میزکردن به پێوه
ئه‌م باسه پێنج فه‌رمووده‌ی له‌سه‌ره که دوانیان زه‌عیفن و سیانه‌که‌ی تریان سه‌حيحن.
١- دوو فه‌رمووده زه‌عیفه‌که:
الف- ئیبنوعومه‌ر - خوا لێیان رازی بێت- گێڕایه‌وه که سه‌یدنا عومه‌ری باوکی گێڕاوێتیه‌وه‌و فه‌رموویه‌تی که: «رَآنِي رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَأَنَا أَبُولُ قَائِمًا»؛ «جارێکیان به پێوه میزم کرد‌و پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) بینیمی»، پێی فه‌رمووم: «يَا عُمَرُ لاَ تَبُلْ قَائِمًا. فَمَا بُلْتُ قَائِمًا بَعْدُ»[1]؛ «ئه‌ی عومه‌ر! میز به پێوه مه‌که. منیش له‌و کاته‌وه میزم به پێوه نه‌کردووه».
ب- بوره‌یده خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) فه‌رموویه‌تی: «ثَلَاثٌ مِنَ الْجَفَاءِ: أَنْ يَبُولَ الرَّجُلُ قَائِمًا، أَوْ يَمْسَحَ جَبْهَتَهُ قَبْلَ أَنْ يَفْرُغَ مِنْ صَلَاتِهِ، أَوْ يَنْفُخَ فِي سُجُودِهِ»[2]؛ «سێ شت له ره‌فتاری زبرن: پیاو که به پێوه میز بکات، پیاو که ناوچه‌وانی بسڕێت پێش ئه‌وه‌ی له نوێژه‌که‌ی ببێته‌وه، فوو له شوێن سه‌جده‌که‌ی بکات».
٢- سێ فه‌رمووده سه‌حيحه‌که:
١- عائیشه خان - خوا لێی رازی بێت- ده‌فه‌رموێ: «مَنْ حَدَّثَكُمْ أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بَالَ
قَائِمًا فَلاَ تُصَدِّقُوهُ، مَا كَانَ يَبُولُ إلا قَاعِدَاً»[3]؛ «ھه‌رکه‌سێک پێی ووتن که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) به پێوه میزی کردووه به راستی مه‌زانن، چونکه به دانیشتنانه‌وه نه‌بێت میزی نه‌کردووه».
٢- حوزه‌یفه‌ی کوڕی یه‌مان - خوای لێ رازی بێت- ده‌فه‌رموێ: «أَتَى النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ سُبَاطَةَ قَوْمٍ فَبَالَ قَائِمًا، ثُمَّ دَعَا بِمَاءٍ، فَجِئْتُهُ بِمَاءٍ فَتَوَضَّأَ»[4]؛ «له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا بووم (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) که گه‌یشته سه‌ر سه‌ره‌نگوێلک (زبڵدان)ی گوندێک، به پێوه میزی کرد، پاشان داوای ئاوی کرد‌و بۆم هێناو ده‌ستنوێژی گرت».
٣- فه‌رمووده‌ی عه‌بدوڕڕه‌حمانی کوڕی حه‌سه‌نه که ده‌فه‌رموێ: «خَرَجَ عَلَيْنَا النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَفِي يَدِهِ كَهَيْئَةِ الدَّرَقَةِ قَالَ فَوَضَعَهَا ثُمَّ جَلَسَ فَبَالَ إلَيْهَا»[5]؛ «پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لێمان ده‌رکه‌وت شتێکی به ده‌سته‌وه بوو وه‌کو چه‌رمی قه‌ڵغان وابوو، دایناو له ته‌نیشتیه‌وه دانیشت و میزی کرد».
له‌به‌ر ھه‌بوونی ئه‌م فه‌رموودانه زانایان و شه‌رعناسان ده‌رباره‌ی حوکمی میز کردن به پێوه راجوێ بوون، راکانیان له سێ بۆچووندایه:
یه‌که‌م- ئه‌وانه‌ی فه‌رموویانه: ھه‌ر که‌سێک عوزری نه‌بێت بۆی شیاو نیه به پێوه میز کات. ئه‌مه‌ش رای عائیشه خانم و ئیبنو مه‌سعوودو سه‌یدنا عومه‌رو ئه‌بوموسای ئه‌شعه‌ری و له تابعینیش ئیمامی شه‌عبی و سوفیانی کوڕی عویه‌ینه‌و ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌و ئیمامی شافیعیغه.
دووه‌م- ئه‌وانه‌ی فه‌رموویانه: جائیزه. ئه‌مه‌شیان له ریوایه‌تێکی تری سه‌یدنا عومه‌ردا ھاتووه، ھه‌روه‌ھا رای سه‌یدنا عه‌لی و زه‌یدی کوڕی سابیت و ئینو عومه‌رو سه‌ھلی کوڕی سه‌عدو ئه‌نه‌س و ئه‌بوھوڕه‌یڕه‌و حوزه‌یفه‌ی کوڕی یه‌مانه‌و مه‌زھه‌بی حه‌نبه‌لیش ئه‌مه‌یه.
سێیه‌م- ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی میزی لێ ده‌کات فشه‌ڵ بێت که پریشکی بۆ نه‌یاته‌وه جائیزه، ئه‌گه‌ر نا، جائیز نیه. ئه‌مه‌ش مه‌زھه‌بی ئیمامی مالیکه‌و ئیبنولمونزیریش به راستترینی داناوه.
من پێم وایه میز کردن به پێوه جائیزه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ. چونکه:
١- ھیچ حوکمێکی سه‌حيح له‌سه‌ر رێ لێگرتنی به‌ده‌سته‌وه نیه.
٢- ریوایه‌ته‌کان که ده‌سه‌لمێنن که میزی به دانیشتنه‌وه کردووه رێ له‌وه ناگرن که کردنی به پێوه‌ش جائیز بێت.
٣- به‌ڵگه‌ی میز کردنی به پێوه به‌ھێزه‌و سه‌لمێنراوه‌و پێنج له خاوه‌نه‌کانی شه‌ش کتێبه فه‌رمووده‌که ریوایه‌تیان کردووه، له‌وانیش بوخاری و موسلیم.
٤- نکووڵی کردنی دایکه عائیشه له‌به‌ر ئه‌وه بووه که خۆی نه‌یدیوه، چونکه ئه‌و جاره‌ی که میزی به پێوه کردووه (ریوایه‌ته‌که‌ی حوزه‌یفه) له ده‌شت و سه‌فه‌ردا بووه‌و حوزه‌یفه‌ی له خزمه‌تتدا بووه. عائیشه خان - خوا لێی رازی بێت- له ماڵدا بینیوێتی و له‌و سه‌فه‌رانه‌شدا که له خزمه‌تیدا بووه ته‌نھا نه‌بوون.
٥- دیاره له مه‌رجی سه‌ره‌کی میز کردن ئه‌وه‌یه که پریشکی پێ ھه‌ڵنه‌پڕژێت جا به دانیشتنانه‌وه بێت یان به پێوه، ھه‌ر کاتێک ئه‌م مه‌رجه‌ش مسۆگه‌ر بوو ئیتر میز کردن به پێوه جائیزه، وه‌کو ئه‌وه‌ی شوێنه‌که فشه‌ڵ بێت وه‌کو کێڵگه‌و کادێن و شوێنی پووش و بن گه‌ڵا، یان بۆیه‌کراوی زه‌یتی و شکڵی ئه‌م ئاوده‌ستانه‌ی له‌م سه‌رده‌مه‌دا ھه‌ن.
٦- زۆر له زانایان و شه‌رعناسان له لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه بۆ رێگرتن له‌م ره‌فتاره چوون، بۆیه فه‌رموویانه میز کردن به پێوه بای ده‌نگدار دروست ده‌کات، وه‌کو ئه‌وه نیه کابرا دانیشتبێت و بای لێبووبێته‌وه، ئه‌مه‌شیان بۆ پاراستنی که‌سایه‌تی زیاتر خستۆته‌وه به‌رچاو.
[1]. إِبْنُ مَاجَهْ: ٣٠٨؛ الْبَيْهَقِيّ: ١/٢٠٢؛ الْحَاكِمِ: ١/١٨٥؛ ترمزی ده‌فه‌رموێ: به لامه‌وه زه‌عیفه چونکه عه‌بدولکه‌ریمی کوڕی ئه‌بولمه‌خاریقی تێدایه‌و یه‌کسه‌ر به مه‌رفووعی گێڕاوێتیه‌وه، فه‌رمووده گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م پیاوه لای فه‌رمووده‌وانان زه‌عیفه؛ بڕوانه: تُحْفَةَ الْأَحْوَذِيِّ فِي شَرْحِ سُنَنِ التِّرْمِذِيّ: ١/٣٣٣.
[2]. مونکه‌ره؛ بوخاری (له التاریخ: ٤٩٦) ریوایه‌تی کردووه؛ ئه‌لبه‌ززار: ١/٥٤٧؛ بوخاری ره‌حمه‌تی خوای لێبێت به مونکه‌ری داناوه‌و ئه‌ویش و ترمزیش فه‌رموویانه قه‌ولی ئیبنو مه‌سعووده.
مونکه‌ر: له سه‌نه‌ده‌که‌یدا راویه‌ک هه‌یه که هه‌ڵه‌ی زۆره، یان فسقی لێوه ده‌رکه‌وتووه، یان گێله؛ بڕوانه: مَحْمُود الطَّحَّانُ، تَيْسِيرُ مُصْطَلَحٍ الحَدِيثِ: ٩٥.
[3]. التِّرْمِذِيّ: ١٢؛ النَّسَائِيّ: ١/٢٦؛ ابن مَاجَهْ: ٣٠٧؛ أَحْمَدُ: ٦/١٩٦؛ كَمَالْ بنْ السّيد سَالْم (له صَحِيحُ فِقْهُ السُنَة) ده‌فه‌رموێ: «صَحِيحٌ لِغَيره».
[4]. بُخَاري: ٢٢٦؛ مُسْلِم: ٢٢٧٣؛ خاوه‌ن سونه‌نه‌کانيش.
[5]. أَبُودَاوُد: ٢٢؛ النَّسَائِيّ: ١/٢٧؛ ابن مَاجَه: ٣٤٦؛ أَحْمَدُ: ٤/١٩٦؛ كَمَالْ بنْ السّيد سَالْم (له صَحِيحُ فِقْه السُنَة: ١/٩٦) ده‌فه‌رموێ: سه‌حيحه.