X

گەڕان




باوه‌ڕناسی

ئەحکامی ئیمامەت (دەسەڵات)

12/24/2022 8:33:10 PM   |   446 :بینراو

نۆیەم: دەسەڵاتی سیاسی:

ئەحکامی ئیمامەت

(دەسەڵات)

١ـ حاکمێتیی (دەسەڵاتی یاساداڕشتن و فەرمانڕەوایی سیاسیی و دەستووریی و داوەریی) مافی خوای گەورەیە، بە سنووری دیاریکراوەوە بەخشیوێتی بە هەندێک مرۆڤ:

أ_ پۆلی یەکەم: هەموو نێرراوە پێغەمبەرەکان سەلامی خوایان لێ بێت مافی حاکمێتییان لە کۆمەڵگەکانی خۆیاندا هەبووە. ئەم بەڕێزانە (رسول و نبي و إمام) بوون. بۆ نموونە: پێنج ئولولعەزمەکە: نووح و ئیبراهیم و مووساو عیساو موحەممەد سەلامی خوایان لێ بێت.

ب _ پۆلی دووەم: لەسەر پەیامی نێرراوە خاوەن پەیامەکەی پێش خۆیان رۆیشتوون و حوکمیان بەو کردووە. ئەم بەڕیزانە (نبي و إمام) بوون. بۆ نموونە ئەو پێغەمبەرە بەڕیزانەی لە نێوان سەیدنا مووساو سەیدنا عیسادا علیهم السلام بۆ بەنوئیسرائیل هاتوون. وەکو سەیدنا داوودو سولەیمان علیهما السلام.

ج _ پۆلی سێیەم:  ئەوانەی کە نێرراو یان پێغەمبەر نەبوون و یاوەری ئەوان بوون، یان لەسەر دیدو رێی ئەوان بوون، هەر (إمام) بوون، وەکو چوار خولەفای راشیدین خوا لێیان رازی بێت.

٢ـ لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتی سیاسی ئیسلامیی خەلیفەیە، کە پێشی وتراوە ئەمیرولموئمنین، سیستمی حوکمڕانیەکە خیلافەتە کە شەرعناسان و زانایان پێیان وتووە: ئیمامەتیی مەزن (الإمامة الکبری)[1]. مەرجە لەسەر دیدو رێی پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم و خەلیفە راشیدینەکانی بێت.

٣ـ ئیمامەتی مەزن: دەسەڵاتی تەواویی حوکمکردنە[2]، بە کۆڕا (ئیجماع)ی ئوممەت دەبێت، بەهەڵبژاردنی ئوممەت بۆی و بەبەیعەتپێدانی ئەهلی حەلل و عەقد دەچەسپێت. خەلیفە جێگری ئوممەتەکەیە لە راپەڕاندنی ئەحکامەکانی شەرعدا، کە دەبێ _بەپێی رێسا نەگۆڕەکانی دین_ بێت، تا دادپەروەریی بچەسپێنێت، کە ئەمەی کرد، لەسەر ئوممەتەکە فەرز دەبێت گوێڕایەڵیی و ملکەچیی دەربڕن بۆی.

٤ـ هەر کەسێک بە زۆر دەسەڵاتی گرتەدەست و رای لەسەر گردبۆوە، پێویستە ملکەچیی لە خێرخوازیی و چاکەکارییدا بۆ دەرببڕرێت و ئامۆژگاری بکرێت. شۆڕشکردن و یاخیبوون دژی ئەم دەسەڵاتە حەرامە، مادام سەروەرێتی (دەسەڵاتی باڵای وڵات) بۆ شەرع پاراستووە. کاتێک کوفرێکی زەق لە ئیمام (خەلیفە)وە دەردەکەوێت کە بەڵگەی شەرعیی لەسەری هەبێت، لادانی ئەوو دانانی شیاوێک لەسەر ئوممەتەکە فەرزدەبێت.

٥ـ نوێژو حەج و جیهادکردن لەگەڵ پێشەوایانی ئیسلامدا فەرزە، ئەگەرچی ستەمیش بکەن.

٦ـ جەنگ بەرپاکردن _لەسەر مەبەستی دنیایی یان هەست و ئینتیمای جاهیلیی_ لە نێوان موسوڵماناندا حەرامە. یەکێکە لە گوناحە هەرەگەورەکان. بەڵام جەنگ بەرپاکردن دژی بیدعەچیی و دەستدرێژکاران و یاخییان و هاوشێوەیان _ئەگەر بە غەیری کوشتار نەدەتوانرا خراپەکارییەکانیان دووربخرێتەوە_ جائیزە. دەشێت بە پێی حاڵەت و بەرژەوەندیی ئوممەتەکە فەرزیش ببێت.

٧ـ یاوەرانی بەڕیز هەموویان جێمتمانەن، باشترین کەسانی ئەم ئوممەتەن. شاهیدیدان لەسەر موسوڵمانێتی و پیاوچاکیان ئەسڵێکی بنبڕەو لە بەڵگەنەوویستەکانی دینە. خۆشوویستنیان لە دینداریی و ئیماندارییەوە دێت، بوغزاندنیان لە کوفرو دووڕووێێەوە دێت. ڕێزیان دەگیرێت بێ ئەوەی تانەوتەشەریان لێبدرێت، یان تەدەخول بکرێتە ناکۆکییەکانی نێوانیان، بە شێوەیەک کە لە قەدریان کەمبکاتەوە.

   چاکترینی یاوەران ئەبوبەکرە، پاشان عومەر، پاشان عوسمان، پاشان عەلی. ئەمانە خولەفای راشیدینن. حوکمڕانی خیلافەتەکانیان هەر بەو ریزبەندییە کە ناویانی تێدا هاتووە.

٨ـ خۆشوویستنی ئالوبەیتی پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم و رێزگرتنی ژنەکانیی _کە دایکانی موسوڵمانانن_ و رەچاوکردنی فەزڵ و گەورەییان، هەروەها زانینی فەزڵی پێشەوایانی سەلەف و زانایانی سوننەت و شوێنکەوتووانیان لەسەر خێرو چاکەو. دوورکەوتنەوە لە بیدعەچیی و هەواسبازان، ئیماندارێتی و دیندارێتییە.

٩ـ جیهادکردن لە پێناوی خوای گەورەدا لوتکەی بڵندی ئیسلامەکەیەو تا رۆژی قیامەت هەروا بەردەوام دەبێت.

١٠ـ فەرمانکردن بەچاکەو بەرهەڵستیکردن لەخراپە لە گەورەترین دروشمی ئیسلامن و مایەی پاراستنی کۆمەڵی موسوڵمامانانن. کە بە پێی هەبوونی هێزو تواناو بەرژەوەندیی رەسەن و موعتەبەر، مومارەسە دەکرێت.

 

 



[1]  فەرزێتی خیلافەت بە بەڵگەی بنبڕی دەقی قورئان و سوننەت و کۆڕا (ئیجماع)ی یاوەران و بە بەڵگەی هزرو ژیریی و بەرژەوەندی واقیعیی سەلمینراوە

[2] ئیمامی حەرەمەین جوەینی لە کتێىی (غیاث الأمم في إلتیاث الظلم.ل: 15)دا دەفەرموێ: (الخلافة: رئاسة تامة، وزعامة عامة، تتعلق بالخاصة والعامة، في مهمات الدین والدنیا)..  واتە: خیلافەت: سەرۆکایەتییەکی تەواوو، پێشەوایەتییەکی گشتییە کە هەموو کاروبارێکی تایبەت و گشتی دەگرێتەوە، لەوەی پەیوەندی بە دین و دنیاوە هەیە..


باوه‌ڕناسی