X

گەڕان




باوه‌ڕناسی

رێـــڕەوێك بۆ بابه‌تی عه‌قیده‌

12/21/2022 9:51:01 PM   |   470 :بینراو

عەقیدە: لە رووی زمانەوانییەوە:  ئەم مانایانە دەگەێنێت:

_ العقد: (گرێ، گرێبەست)، التوثیق: (متمانەپێکردن، ئیعتیمادکردنەسەر)، الإحکام: (توندکردن و قایمکردن). الربط بقوة: (توندبەستن).

   لە رووی زاراوەییەوە: ئەو باوەڕکردنە پتەوو دامەزراوەیە کە لای خاوەنەکەی هیچ جۆرە گومانێکی تێدا نەماوە کە راستە.. کەوابوو:

   عەقیدەی ئیسلامی بریتییەلە: باوەڕهێنانێکی دامەزراوو پتەو بەخوای پەروەردگار  (بەوەی کە دەبێ بە تاکوپاک بناسرێت و ملکەچیی بۆ فەرمانەکانی دەرببڕرێت)، هەروەها باوەڕهێنانێکی دامەزراوا بە فریشتەکانی و بە پەیامەکانی و بە نێرراوەکانی و بە رۆژی دوایی و بە قەدەرو بە هەموو هەواڵ و باسێکیتری نادیار (غەیب) و بە هەموو بەڵگەنەوویستەکانی دین: زانین و سەلماندنیان بێت یان کردن چەسپاندنیان.

سەلەف: پێشەوایانی ئەم ئوممەتەن، لە یاوەران و شوێنکەوتووانیان و پێشەوایانی رێنمایی خوایی کە لە سێ سەدە چاکترینەکەدا ژیاون. هەروەها هەر کەسێکیتر _لەسەردەمەکانی دواتر_ کە لەسەر دیدو رێی ئەوان رۆیشتبێت و بڕوات _وەکو ئینتیمای بۆ ئەوان_ پێی دەوترێت: سەلەفی..

ئەهلی سوننەت و جەماعەت: هەموو ئەو کەسانەن کە لەسەر دیدو رێبازی پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم و یاوەرانی دەڕۆن.

   پێیان ووتراوە ئەهلی سوننەت: لەبەرئەوەی لە: (روانگەو پێناسەی عەقیدەتیی و زانست و کردەوەو دینداریی و رەفتارو رەوشت) دا شوێنکەوتەی پێغەمبەری خوان صلی الله علیه وسلم و بە دیدوڕێ و سوننەتییەوە، پابەندن.

   پێیان ووتراوە جەماعەت: لەبەر ئەوەی لەسەر حەق و حەقخوازیی کۆبوونەتەوەو ئەسڵی دینەکەیان پاراستووەو تەفرەقەیان تێنەکەوتووە تێیدا. شوێن پێشەوایانێک کەوتوون کە ئەو حەقەیان ناسیووە کە لای یاوەران بووە، پێوەی پابەندبوون و رۆیشتوون لەسەریی و لێیان لانەداوە.

   لەبەر ئەوەی کە زۆر پابەندی سوننەتبوون و سووربوون لەسەر ئیقتیداکردن بە سییرەو سوننەتی پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم پێشیان ووتراوە (أهل الحدیث: فەرموودەوانان) و (أهل الأثر: ئاسەوارییان)و (أهل الإتباع: ئەهلی شوێنکەوتن)و (الطائفة المنصورة: دەستەی سەرکەوتوو) و (الفرقة الناجیة: کۆمەڵی سەرفراز).



باوه‌ڕناسی