له حه‌دیسی سه‌حیحی بوخاریدایه که ده‌فه‌رموێ: به‌نی هیشامی کوڕی موغیره داوای ئیجازه‌یان کرد که کچه‌که‌یان بده‌ن به عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب، پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رمووی: «فَلاَ آذَنُ، ثُمَّ لاَ آذَنُ، ثُمَّ لاَ آذَنُ إِلَّا أَنْ يُرِيدَ ابْنُ أَبِي طَالِبٍ أَنْ يُطَلِّقَ ابْنَتِي وَيَنْكِحَ ابْنَتَهُمْ»[1] «رێگا ناده‌م، پاشان رێگا ناده‌م، پاشان رێگا ناده‌م، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که کوڕی ئه‌بیتالیب بیه‌وێت کچه‌که‌ی من ته‌ڵاق بدات و کچه‌که‌ی ئه‌وان بخوازێت». پاشان له فه‌رمووده‌یه‌کی تردا هاتووه که عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب داوای کچی ئه‌بوجه‌هلی کرد که به‌سه‌ر فاتیمه‌دا بیخوازێت، ئیتر پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رمووی: «وَإِنِّي لَسْتُ أُحَرِّمُ حَلاَلًا، وَلاَ أُحِلُّ حَرَامًا وَلَكِنْ وَاللَّهِ لاَ تَجْتَمِعُ بِنْتُ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، وَبِنْتُ عَدُوِّ اللَّهِ أَبَدًا»[2]؛ «من به‌ڕاستی حه‌رام حه‌ڵاڵ ناکه‌م و حه‌ڵاڵیش حه‌رام ناکه‌م ، به‌ڵام سوێند به‌خوا نابێت کچی پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) له‌گه‌ڵ کچی دوژمنی خوادا کۆ ببنه‌وه». ئه‌مه ده‌رباره‌ی فاتیمه، به‌ڵام ده‌رباره‌ی زه‌ینه‌ب نازانم و نه‌مبیستووه.
ئه‌مما بۆ فاتیمه، ئه‌وه کاتێک که شووی به سه‌یدنا عه‌لی کردبوو ئه‌و مه‌رجه له به‌ینیاندا هه‌بوو که عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب ژن نه‌هێنێت به‌سه‌ریدا، له‌به‌ر ئه‌مه‌شه که ده‌شێت ئافره‌تی موسوڵمان چ کچ و چ بێوه‌ژن که شووی کرد بیکات به شه‌رت له عه‌قده‌که‌داو بینووسێت و بڵێت به‌و شه‌رته‌ی پیاوه‌که‌م ژنم به سه‌ردا نه‌هێنێت و پیاوه‌که‌ش ئیتر بۆی نییه ژنی به سه‌ردا بێنێت و ئه‌گه‌ر ژنی به سه‌ردا هێنا ئیتر ئه‌و کاته ئافره‌ته‌که خۆی ئازاده، ده‌توانێت ته‌حه‌ممولی بکات و له‌وانه‌یه منداڵی بێت و کێشه‌ی بێت و بارودۆخه‌که وا بێت ته‌حه‌ممولی بکات؛ به‌ڵام وه‌کوو ماف، مافی هه‌یه که گرێبه‌سته‌که هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و جیا بێته‌وه. پێغه‌مبه‌ری خواش (علیه الصّلاة والسّلام) پێش ئه‌وه‌ی روونی کاته‌وه فه‌رمووی من حه‌ڵاڵ حه‌رام ناکه‌م، حه‌رامیش حه‌ڵاڵ ناکه‌م، چونکه فره‌ژنیه‌که به ده‌قی ئایه‌ت حه‌ڵاڵه، له‌به‌رئه‌وه حه‌ڵاڵ حه‌رام ناکات و حه‌رامه‌که‌ش حه‌ڵاڵ ناکات به‌ڵام فه‌رمووی: نامه‌وێت کچه‌که‌م له‌گه‌ڵ کچی دوژمنی خوادا له یه‌ک شوێن کۆ ببنه‌وه؛ ئه‌مه‌ش سه‌به‌بی دووه‌میه‌تی که ئه‌وه‌ی قبووڵ نه‌بووه. ده‌شوترێت له شه‌رحی فه‌رمووده‌دا که ئه‌وان ویستوویانه که کچه‌که بده‌ن به عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب نه‌ک عه‌لی خۆی چووبێت و داوای کردبێت. له هه‌مان کاتیش‌دا ریوایه‌تێکی تر هه‌یه که عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب ئه‌وه‌ی بیر چبۆوه که له سه‌ره‌تاوه فاتیمه‌ی ماره کرد پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ئه‌وه‌ی پێ فه‌رمووبو که ژنی تر نه‌هێنێت.
که‌وابوو ئه‌و ئافره‌تانه که گرێبه‌ستی وایان هه‌یه ده‌توانن هه‌ڵیوه‌شێننه‌وه چونکه پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) له حه‌دیسی سه‌حیحی بوخاری و موسلیمدا ده‌فه‌رموێ: «أَحَقُّ الشُّرُوطِ أَنْ تُوفُوا بِهِ مَا اسْتَحْلَلْتُمْ بِهِ الفُرُوجَ»[3]؛ «ئه‌و گرێبه‌سته‌ی که له هه‌مووان شایانتره پابه‌ند بن به مه‌رجه‌کانیانه‌وه ئه‌و گرێبه‌سته‌یه که ئێوه ئافره‌تانتان پێ حه‌ڵاڵ کردووه» یه‌عنی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری.
[3]. البخاري: 2721؛ مسلم: 1418.