ده‌ڵێن ئیستیعانه به ئه‌نبیاو ئه‌ولیا کاتیک ده‌بێته شیرک که که‌سه‌که وا بزانێت و پێی وابێت که ئه‌وان ته‌سه‌ڕڕوفیان له رووداوه‌کاندا هه‌یه؛ ئه‌گه‌ر ئیعتیقادیان وا نه‌بێت شێرک نییه (بۆچوونی جه‌نابت له‌سه‌ر ئه‌مه چییه؟).
ده‌بێ ده‌لیلمان ده‌ست که‌وێت له سه‌ر ئه‌مه! که جه‌نابت ده‌ڵێیت ئیستیعانه، جارێک ده‌بێ ئه‌وه بزانین که ئیستیعانه عیباده‌ته‌و ئێمه له عیباده‌ته‌کانمانا ده‌ڵێین: «إِيَّاكَ نَعْبُدُ وإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ» [الفاتحة: 5]؛ «خوایه ته‌نها تۆ ده‌په‌رستین و ته‌نها له تۆ داوای یارمه‌تی ده‌که‌ین». جا چۆن ئه‌مه‌ی لێوه تێگه‌یشتین که ته‌نها تۆ ده‌په‌رستین؟ چونکه «إِيَّاكَ»پێی ده‌وترێت «الضّمیرُ المنفصلُ المقدَّمُ»؛ واته زه‌میره‌که پێش که‌وتووه‌و له ئه‌سڵدا ئاوا بووه: «نَعْبُدُ إِيَّاكَ»، به‌ڵام بۆچی پێش که‌وتووه؟ بۆ دروستکردنی حه‌سر، له‌وه‌ی که ته‌نها تۆ شایه‌نی عیباده‌ته‌که‌یت و ئێمه‌ش ته‌نها عیباده‌تی تۆ ئه‌که‌ین. له « وإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ»یشه‌وه ئه‌وه فێر ده‌بین که ئیستیعانه‌شمان ته‌نها به تۆیه، داوای یارمه‌تی کردنمان له تۆیه.
بۆیه ئه‌گه‌ر یه‌کێک بڵێت ئه‌م ئیستیعانه (که عیباده‌ته) جائیزه به ئه‌نبیاو ئه‌ولیا، پێویسته ده‌لیلێکمان بداتێ چونکه هیچ عیباده‌تێک بێ به‌ڵگه‌ی قورئان و سوننه‌ت وه‌رناگیرێت. سوننه‌تیش جاری وا هه‌یه خۆی عیباده‌ته‌که باس ده‌کات و جاری واش هه‌یه روون کردنه‌وه‌ی ئایه‌ته‌کانی قورئانه‌که‌یه؛ بۆ نموونه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «وَأَقِيمُواْ الصَّلاَةَ» [البقرة: 43]؛ «نوێژ به‌رپا بکه‌ن»؛ پێغه‌مبه‌ری خواش (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌فه‌رموێ: «صَلُّوا كَمَا رَأَيْتُمُونِي أُصَلِّي» [البخاري: 631و 6008]؛ «وا نوێژ بکه‌ن که ده‌بینن من نوێژ ده‌که‌م».
بۆیه ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێت کاتێک ده‌بێته شیرک که وا بزانێت ته‌سه‌ڕڕوفیان له رووداوه‌کاندا هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئێعتیقادیان وا نه‌بێت ئه‌وه نابێت به شیرک ئه‌مه، ده‌بێت ده‌لیلێکی زۆرترمان بۆ بهێنرێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه؛ چونکه ئیستیعانه‌و داوای یارمه‌تی کردن به شێوه‌یه‌کی گشتی وه‌ک ئه‌وه‌ی که یه‌کێک هاوار ده‌کات له غه‌یری خوای په‌روه‌ردگار چووه‌ته سه‌ر مه‌رقه‌دێک یان هاوارێک له دووره‌وه له یه‌کێکی مردوو ده‌کات که به وه‌لیی خوا‌و پیاوچاکی ده‌زانێت و ده‌ڵێت شیفای نه‌خۆشه‌که‌م بده‌یت! یا شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی، یا کاک ئه‌حمه‌دی شێخ، یا شێخه رووته یا هه‌ر که‌س و شتێکی تر که خۆی داوای لێ ده‌کات که باران ببارێنیت، عومرم درێژ که‌یت، موسیبه‌تم له سه‌ر لا به‌ریت، ده‌رچم له تاقیکارییه‌که‌مدا، قازانج که‌م له شه‌ریکایه‌تیه‌که‌مدا، دڵداره‌که‌م بۆم ببێت و له‌م بابه‌تانه، ئه‌مانه ته‌بعه‌ن ناشێت؛ ئینسانی موسوڵمان به‌م جۆره داخوازیانه ناتوانێت داوای یارمه‌تی له غه‌یری خوای په‌روه‌ردگار بکات. واته هه‌رچی شتێک که جه‌لب و هێنانی خێر‌و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش که ده‌فعی به‌ڵاو زیان له خۆ دوور خستنه‌وه‌یه، ئه‌مه له غه‌یری خوا داوا ناکرێت. هه‌ر که‌سێکیش له غه‌یری خوای په‌روه‌ردگار ئه‌مه داوا بکات ده‌بێت به شیرکی گه‌وره؛ به‌تایبه‌تی دوعا بکات له که‌سانێک که یان مردوون وه‌کو یه‌کێک هاوار بکات له شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی، یان غائیبه‌و له‌و شوێنه نییه که که‌سه‌که هاواری بۆ بکات! ئێ ته‌بعه‌ن ده‌بێت به شیرک. ئه‌مه وه‌ک ئه‌وه نییه بڵێم ئاده‌ی کوڕم یارمه‌تیم بده ئه‌و مێزه‌م له‌گه‌ڵدا به‌رز که‌ره‌وه؛ ئه‌وه‌ش هه‌ر یارمه‌تی داواکردنه به‌ڵام ئه‌مه‌یان نابێت به شیرک چونکه ئه‌و له توانایدا هه‌یه‌و شتێکی به‌شه‌ریشه. به‌ڵام ئه‌و جۆره هاوار بۆ بردن و هانا بۆ بردنه گۆمانی تێدا نییه که عیباده‌ته، چونکه ئه‌م عیباده‌تانه‌ش هه‌مووی بۆ نزیک بوونه‌وه‌یه له ئه‌سڵدا که خه‌ڵکانی جاهیلییه‌ت بۆ بته‌کانیان کردوویانه‌و دوای ئه‌وه‌ش هاتۆته سه‌ر ئه‌و جۆره شتانه که کراوه بۆ غه‌یری خوای په‌روه‌ردگار ئه‌وانه نابێت و پێویسته ئه‌م جۆره عیباده‌تانه تایبه‌ت بۆ خوای په‌روه‌ردگار بکرێن و ئینسانی موسوڵمانیش نابێت هاوار بکات له غه‌یری خوای په‌روه‌ردگار و هانا بۆ غه‌یری خوای په‌روه‌ردگار بهێنێت؛ به‌تایبه‌تی ئێمه‌ی موسوڵمان که هه‌موو جارێکیش ئه‌ڵێینه‌وه: « إِيَّاكَ نَعْبُدُ وإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ».
به‌ڵگه‌ی تریش ئه‌وه‌یه که خوای په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێ: «وَقَضَى رَبُّكَ أَلاَّ تَعْبُدُواْ إِلاَّ إِيَّاهُ» [الإسرا: 23]؛ «خوای په‌روه‌ردگاری تۆ فه‌رمانی داوه که غه‌یری ئه‌و نه‌په‌رستن به هیچ شێوه‌یێک». هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێ: «وَمَا أُمِرُوا إِلَّا لِيَعْبُدُوا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ حُنَفَاء» [البیّنة: 5]؛ «له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که فه‌رمانیان پێ نه‌درابوو مه‌گه‌ر به‌وه‌ی که په‌رستشی خوا بکه‌ن به‌دڵسۆزی، ملکه‌چی بۆ بکه‌ن و خۆیان به دوور بگرن له هه‌موو بیر‌و باوه‌ڕێکی خوارو خێچه‌وه». هه‌روه‌ها ئایاتی تریش له سه‌ر ئه‌مه زۆره.
پێغه‌مبه‌ری خواش (علیه الصّلاة والسّلام) له فه‌رمووده‌ی سه‌حیحدا به سه‌یدنا ئیبنو عه‌بباس ده‌فه‌رموێت: «وَإِذَا اسْتَعَنْتَ فَاسْتَعِنْ بِاللَّهِ» [أحمد: 2763؛ الترمذي: 2516؛ ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه (مشکاة المصابیح: 5302)]؛ «ئه‌گه‌ر داوای یارمه‌تیت کرد داوای یارمه‌تی له خوای په‌روه‌ردگار بکه». به سه‌یدنا موعازی کوڕی جه‌به‌لیش ده‌فه‌رموێ: «حَقُّ اللَّهِ عَلَى العِبَادِ أَنْ يَعْبُدُوهُ وَلاَ يُشْرِكُوا بِهِ شَيْئًا» [البخاري: 2856؛ مسلم: 30]؛ «مافی خوای په‌روه‌ردگار له‌سه‌ر به‌نده‌کانی ئه‌وه‌یه که بیپه‌رستن و شه‌ریک و هاوه‌ڵی بۆ بڕیار نه‌ده‌ن». ئه‌مه هیچ گومانێکی تێدا نییه که ئه‌م جۆره هاوارو هانا بۆ بردنه ده‌چێته دائیره‌و بازنه‌ی شیرکه‌وه.
جا ئه‌م باسی ئیستیعانه‌و ته‌وه‌سسول و بابه‌ته په‌یوه‌ندیدارانه پێیانه‌وه باس و جه‌ده‌لی زۆریان له‌سه‌ر ده‌کرێت؛ بۆیه من ئامۆژگاریم بۆ جه‌نابت ئه‌وه‌یه که یه‌که‌م هه‌وڵ بده زانستی شه‌رعیت زۆر بکه. دووه‌م گوێ له هه‌موو ئیختیلافاتێک مه‌گره. عه‌زیزانی من ئه‌گه‌ر ئێمه گوێ له هه‌موو ئیختیلافاتێک بگرین به‌تایبه‌تی که عیلممان که‌م بێت ئه‌وه ده‌که‌وینه دوای هه‌موو شتێک که کابرا وه‌ک ده‌لیل ده‌یناسێنێت. ئێمه چووزانین ئه‌م ده‌لیله‌یانمان راستتره له‌وی تریان؟ تۆ ته‌نیا بۆ خۆت ئه‌مه‌ت بۆ له یه‌کتر جیا ناکرێته‌وه؛ یه‌عنی وه‌کوو چۆن له فیقه و شه‌رعناسیدا ئه‌وه‌نده فه‌رع و فرووعی ئه‌حکام زۆر بوون که ته‌رجیحی به‌ڵگه‌کان عالمێکی گه‌وره ده‌یکات که شاره‌زای فیقهی به‌راورد (الفقه المقارن)ه، یان هه‌روه‌کو چۆن له فه‌رمووده‌وانیشدا به هه‌مان شێوه یه‌کێک ده‌بێت سه‌نه‌دی فه‌رمووده‌کان له یه‌ک بداته‌وه که شاره‌زایی له پێنج زانسته‌که‌ی فه‌رمووده‌وانیدا هه‌بێت؛ ناکرێت یه‌کێک هه‌ر له خۆیه‌وه کتێبێکی خوێندۆته‌وه له سه‌ر فه‌رمووده‌وانی وا بزانێت ئیتر بووه به عالمێکی گه‌وره‌و شان له شانی ئه‌لبانی ده‌دات (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت)!
له‌به‌رئه‌وه وه‌سێتم بۆ خۆیشم و بۆ هه‌موو موسوڵمانان ئه‌وه‌یه که مه‌که‌ونه ئه‌م جه‌ده‌لانه‌وه؛ هه‌ندێک شت هه‌یه بیکه به بنه‌ما لای خۆت بڵێ ئه‌مانه نابێت موناقه‌شه‌ی تێدا بکرێته‌وه، با ببن به سه‌وابیت و نه‌گۆڕه‌کان له لام، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که په‌یوه‌ندییان به عه‌قیده‌وه هه‌یه. خوای گه‌وره ئێمه‌ش و ئێوه‌ش سه‌لامه‌ت و سه‌رکه‌وتوو بکات.