ئایا خودا بوونی هه‌یه؟ به‌ڵگه‌کانیشم ده‌سه‌لمێنم به‌ڵام هه‌ر دوو دڵم! کاتی خۆی له په‌یجێکی عه‌لمانی بووم ویستم رێگای راستیان نیشان بده‌م که‌چی خۆم تێ که‌وتم؛ له‌وێ چوومه ده‌ره‌وه ئێستا هیچ وه‌زعێکم نییه. مامۆستا گیان ئامۆژگاریێکم که چی بکه‌م خوا ئیمانم لێ وه‌ر بگرێت؟ فکری زۆر سه‌یرم بۆ دێت؛ ده‌بێت تووڕه نه‌بێت؟ ده‌بێت به به‌نده قبووڵم بکات؟ زۆر بێزار بوومه مامۆستا خه‌ریکه تووشی نه‌خۆشی نه‌فس و شێتی ببم تکایه وه‌ڵامم بده‌نه‌وه.
برا به‌ڕێزه‌که‌م ئه‌توانیت له سه‌ر وجوودی خوای په‌روه‌ردگار کتێبی تر بخوێنیته‌وه تا زیاتر بگه‌یته یه‌قین؛ بۆ نموونه کتێبی «اللّه» که سه‌عید حه‌ووا نووسیوێتی (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) و کراوه به کوردی و ئێستا له‌به‌رده‌ستدایه‌و ئه‌توانی بیخوێنێته‌وه، کتێبێکی زۆر نایاب و چاکه. کتێبی تر ئه‌گه‌ر به عه‌ره‌بی بتوانیت بیخوێنیته‌وه ئه‌وه کتێبی «كُبرى اليقينيات الكونية»یه که نووسه‌ره‌که‌ی بووتییه (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت)، ئه‌میش بخوێنیته‌وه زۆر زۆر باشه. کتێبی «قِصّة الإیمان» که به کوردیش هه‌یه بخوێنیته‌وه زۆر باشه. کتێبێکی چاکی تر خوڕافه‌ی ئێلحاده که عه‌مر شه‌ریف نووسیوێتی که به کوردییه. زۆر کارێکی باش و کاریگه‌ر ده‌بێت له‌م کتێبانه بخوێنیته‌وه. پاشان ته‌سلیم به خوای گه‌وره‌ش به‌و یه‌قینیشت بۆ درووس ئه‌بێت. جارێ وجوودی خوای گه‌وره خه‌ڵکانێکی ئێجگار که‌م نکووڵییان لێ کردووه؛ ئه‌وه کۆمۆنیستی به زۆر دای به سه‌ر خه‌ڵکییا ئه‌گینا هه‌ر له رووسیا خه‌ڵک باوه‌ڕی به‌وه نه‌بوو که خوا نییه، هه‌ر باوه‌ڕی وا بوو که خوا هه‌یه. جه‌نابیشت بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه ئه‌توانیت ئه‌و کتێبانه بخوێنیته‌وه، کتێبه‌کانی موسته‌فا مه‌حموودیش هه‌ر بخوێنه‌ره‌وه ان شا‌ء اللّه.