هه‌ندێک زانایان ئه‌فه‌رموون هه‌ر ویلایه‌تێک حوکمی دیتنی خۆی ئه‌گرێتۆ، ئیمامی ئیبنولمونزیر ئه‌م بۆچوونه‌ی له عیکریمه و قاسم و سالم و ئیسحاقه‌وه هێناوه‌و به‌ڵگه‌یشیان ریوایه‌ته‌که‌ی کوڕه‌یب خزمه‌تکاره‌که‌ی ئیبنو عه‌بباسه - خوا له هه‌موویان رازی بێت - که ئه‌فه‌رموێت: که له شام ده‌رچووم به‌ره‌و مه‌دینه هاتمه‌وه هه‌یڤی ره‌مه‌زانم به سه‌را هات، شه‌وی هه‌ینی بوو که بینیمان پاشان له کۆتایی مانگه‌که‌دا گه‌یشتمه‌وه مه‌دینه؛ ئیبنو عه‌بباس هه‌واڵی هه‌یڤی ره‌مه‌زانی لێم پرسی فه‌رمووی: که‌ی هه‌یڤتان بینی؟ عه‌رزم کرد شه‌وی هه‌ینی بینیمان. فه‌رمووی: تۆ خۆت بینیت؟ عه‌رزم کرد: به‌ڵێ بینیم خه‌ڵکیش بینیان و به‌رۆژوو بوون، موعاویه‌یش[1] به‌رۆژوو بوو. فه‌رمووی: به‌ڵام ئێمه شه‌وی شه‌ممه بینیمان بۆیه رۆژووی خۆمان ئه‌گرین تا هه‌یڤی شه‌ووال ئه‌بینین یان سی رۆژه‌که‌ی ره‌مه‌زان ته‌واو ئه‌که‌ین. عه‌رزم کرد ئه‌دی بینینه‌که‌ی موعاویه‌ی پێ به‌س نیه؟ فه‌رمووی: نا! پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ئاوا فه‌رمانی پێ داوین. هه‌ندێکی تر له زانایان ئه‌فه‌رموون: ئه‌و ویلایه‌تانه ئه‌گرێته‌وه که هه‌یڤ هه‌ڵ‌هاتنیان جودا نیه له‌گه‌ڵ یه‌کتری، یه‌عنی له مه‌ودای ئه‌و سنووره که شه‌و هه‌یڤی لێ ئه‌بینرێت، ئه‌مه‌یش راستترین بۆچوونی شافیعیه‌کانه و هه‌ندێک له مالیکییه‌کان و حه‌نه‌فیه‌کانیش له سه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ن، رایێکی حه‌نبه‌لیه‌کانیش وایه و شێخولئیسلام ئیبنوته‌یمییه‌یش ئه‌وه‌ی پێ په‌سه‌ند بووه. به رای هه‌ندێک ئه‌مه دید و هه‌ڵوێستێکی مام ناوه‌ندی نێوان بۆچوونه‌کانه چۆنکه شوێنی هه‌ڵ هاتنی هه‌یڤ له ناوچه‌یێکو بۆ ناوچه‌یێکی تر ئه‌گۆڕرێ. ئه‌گه‌ر چه‌ن ناوچه‌یێک کات و شوێنی هه‌ڵ هاتنی ده‌رکه‌وتنی هه‌یڤیان یه‌ک بوو حه‌تمه‌ن ئه‌بێ حوکمی رۆژووه‌که‌یشیان یه‌ک بخه‌ن، ئه‌گه‌ر نا با جیا بن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌کوو شه‌رعناسانی پۆلی یه‌که‌م بووترێت که ناشێ ئیعتیبار بۆ جیاوازی شوێنی ده‌رکه‌وتنی هه‌یڤ دابنرێت ئه‌مه زۆر واقیعی نیه چۆنکه به‌ڵگه‌نه‌ویسته که ده‌رکه‌وتنی هه‌یڤ شوێنی جیاوازی هه‌یه وه‌کوو خۆر، خۆر له خۆرهه‌ڵات ئاوا ئه‌بێت به مه‌عنای ئه‌وه نیه خه‌ڵکی خۆرئاوا رۆژوو بشکێنن! ئیبنو عه‌بباس - خوای لێ رازی بێت - که قسه‌که‌ی کوڕه‌یبی وه‌ر نه‌گرت له به‌ر ئه‌وه‌یه که یه‌ک شاهید بوو گرنگ لێره گێڕانه‌وه یان نه‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و رۆژه‌یه که له ریوایه‌ته‌که باس نه‌کراوه. هه‌روه‌کوو که ئه‌شێ ئیبنو عه‌بباس وا له فه‌رمایشتی پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - گه‌یشتبێت که رۆژوگرتن و و کۆتایی ره‌مه‌زانتان به دیتنی خۆتان بۆ هه‌یڤ دیاری بکه‌ن؛ من پێم وایه به‌و شێوه‌یه.
[1]- موعاویه‌ی کوڕی ئه‌بووسوفیان که ئه‌و کاته والی بوو له شام.