هەمەڕەنگ

بەرنامە جیاوازەکانی کەناڵی شاهیدان بۆ ساڵی 2019 ​

یەکەم: ئیستیخلاف: 25 ئاڵقە

زنجیرە دەرسێکە لەسەر ئیستیخلاف واتە: بریکاریی خوای گەورە لەسەر زەوی، کە بریتییە لە چەندین بڕگەی عەقائیدیی دینەکە، وەکو خواناسیی، خواپەرستیی، پابەندبوون بە شەرعەوە، دینداریی (پاڵفتەی دەروون و پارسەنگی رەوشت و دابوئادابەکان)، هەروەها بانگەوازی تاککەسی بۆ ئیسلام ، کۆمەڵکاریی بە ئیمان و هیجرەت و جیهادو داڵدەدان و سەرخستن، ئینجا تەوحیدو حاکمێتیی دین و سەروەرێتیی شەرع، دارولئیسلام و ئیدارەی راشیدەو ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە..  

دووەم: ئیمانییات: 40 ئاڵقە

زنجیرە دەرسێکە باسی ناوو ئەحکامی باوەڕ دەکات لە پێناسەی باوەڕ، پێکهاتەی باوەڕ، مەرجەکانی باوەڕ، لقەکانی باوەڕ، هەڵوەشێنەرەوەکانی باوەڕ لە کوفرو شیرک و فیسق و نیفاق و جاهیلییەت.. هەروەها باسی کۆمەڵە دینییە مێژووییەکان، ئەوانەی لە بازنەی گشتی ئەهلی سوننەت و جەماعەتتدان و ئەوانەی لەو بازنەیەدا نین و ئەوانەش کە لە ئیسلام و ئوممەتەکەی دەرچوون، ئەگەرچی بە خۆیان دەڵین موسوڵمان و نەزانیش وا دەزانێت هەر لە بازنەی موسوڵمانێتییدا ماون..  

سێیەم: شیعەناسیی: 50 ئاڵقە

زنجیرە دەرسێکی دورودرێژی شیعەناسییە، بە مێژووی دروستبوونی کۆمەڵ و مەزهەب و مەدرەسە جیاوازەکانیانەوە، هەروەها (بۆچی شیعە بە کافرمان دەزانن؟)، کە خەڵکی لە بەهێزیی راگەیاندنی شیعەوە هەر وا دەزانن سوننی شیعە بە کافر دەزانن نەک بە پێچەوانەوە!.. هەروەها باسی چۆنیەتیی گەوجاندن و کەراندنی شیعە لە لایەن ئاخوونەکانیانەوە.. لەگەڵ هەندێک بیرخستنەوە لەسەر ئێرانیزم و پیلانەکانی ئێران بۆ ئیحتیواکردن و فیتنەنانەوە..

چوارەم: فیقهی دەستووریی: 25 ئاڵقە

زنجیرە دەرسێکە لەسەر رێسا شەرعییەکانی کە لە کۆندا پییان دەوترا (الاحکام السلطانیة)و لەم سەردەمەدا پییان دەوترێت (الفقه الدستوري)، کە هەمووی باسی دەسەڵاتی سیاسیی دەکات لە روانگەی عەقیدەت و شەریعەتی ئیسلامەوە.. 

پێنجەم: رەسنەکردنەوەی هۆشیاریی سیاسیی: 25 ئاڵقە

زنجیرە دەرسێکی ترە لەسەر باسەکانی ستراتیژیی و هۆشیاری و سیاسیی و رۆشنبیریی شەرعیی، کە دەبنە مایەی بەرچاوڕوونی گەنجی موسوڵمانی کورد لە بواری ململانێکانی فیکرو سیاسەت و شارستانێتییە جوداکان و هێزە دەبەڕێکڕاچووەکان..

شەشەم: ئیسلامییەکان و پەرلەمان: 40 ئاڵقە

بە ناونیشانەکەیدا دیارە کە زنجیرە دەرسێکی بیرخستنەوەی راجوێیی موسوڵمانانە لەسەر شەرعێتیی و ناشەرعێتیی بەشداربوونی دەسەلآتی سیاسیی ئیسلامییەکان لەگەڵ عەلەمانییەکان بە گشتیی و لە باشووری کوردستان بە تایبەتیی. پاشان هەڵسنەگاندنی ئەزموونی ئیسلامیانی وڵاتانی مەرکەزیی وەکو تورکیاو پاکستان و کوەیت و سودان و مالیزیاو وڵاتی مێلیشیایی وەکو فەلەستین و صۆمال و کوردستان..

حەوتەم: زاراوەناسیی: 50 ئاڵقە

زنجیرە دەرسێکە بۆ ناساندنی زاراوەی سیاسیی، ئیسلامیی بێت یان غەیرە ئیسلامیی، وەکو دیموکراسیی و جۆرەکانی هەڵبژاردن و دەزگاکانی دەوڵەتداریی و ئابووریی و حزب و بزاوت و شۆڕشەکانی جیهان.

هەشتەم: رێساکانی دیدی ئوصولی ئەهلی سوننەت و جەماعەت: 15 ئاڵقە

زنجیرە دەرسێکە باس لە بنەماکانی دیدو رێی عەقائیدیی و سیاسیی ئەهلی سوننەت و جەماعەت دەکات، بەڵام لە روانگەیەکی جوداوە کە رەسەنایەتیی و نوێخوازیی رەچاودەکات.

15 بۆ 20 ئاڵقەیە

نۆیەم:  فیکری سیاسی رۆژئاواو کاریگەریی لەسەر نەهزەکان و یەکگرتوو. 30 ئاڵقە

زنجیرە دەرسێکە لەسەر مێژووی فیکری سیاسی رۆژئاواو مەدرەسە جیاوازەکانی وقۆناغەکانی ململانێ و رێکەوتنەکانیان و حەملە ریشەکێشکردنەکانی عەلەمانییەت بۆ لادانی دین و ئیحتیواکردن و گۆڕینی دیدو ڕێ و پاشان لە قاڵبدانیان بە دروستبوونی حزبی دیموکراتی مەسیحیی.. ئەمانەو کاریگەریی لەسەر بیرو تێڕوانین و پێناسەو بۆچوونی هەندێک بیرمەندو کەسایەتیی ئیسلامیی دەرەکی وەکو راشد غەننوشی تونس و حەسەن تورابی سودان و عبدالکەریم سرووشی ئێران و ناوەکیی وەکو هەندێک ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو و نەهزە کۆنەکان..

20 بۆ 25 ئاڵقەیە

دەیەم: بەرەو شۆڕشی نان و ئەمان: 40 ئاڵقە

زنجیرە دەرسێکە دەربارەی چۆنییەتی گۆڕانکاریی ریشەیی لە ناو کورددا بە گشتیی و لە باشوور بە تایبەتیی، بە داڕشتنەوەی زەمینەی گۆڕانکاریی. و جوێکردنەوەی رۆشنبیریی رەسەن لە رۆشنبیریی مزەووەر.. دڵنیابوون لەوەی کە لە جیهانی موسوڵماناندا ئەگەر ئازادی هەبێت گؤرانکاریی راست و رەوا بە حەلەمانییەکان ناکرێت.. لەگەڵ کۆمەڵێک بەرچاوڕوونی بۆ ناسینی جۆری کەسایەتیی کورد و واقیعی باشووری کوردستان و چۆنییەتی خۆڕێکخستن و گۆڕانکاریی فیکریی و سیاسیی و قییەمیی..

ئەمە جگە لە بەرنامەکانی: 

_ لە روانگەی شەریعەتەوە. (هەفتانەیە) : لانی کەم 50 ئاڵقەیە

_ باسی رۆژ (هەفتانەیە) لانی کەم 50 ئاڵقەیە

_ گەشتی ئەقڵ لانی کەم 20 ئاڵقەیە دوواندنی هزرو ژیرییە دەربارەی هەبوونی خوای کردگارو وەحی و پێغەمبەرێتیی و رۆژی دوایی، کە پێشتریش هەندێک ئاڵقەیمان لێ بڵاوکردبۆوە..

_ پێشەوایانمان لانی کەم 50 ئاڵقەیە زنجیرە بیرخستنەوەیەکی یاوەران و پێشەوایانی سەلەفی ئەم ئوممەتەیە. کە هەر یەکەیان مەشخەڵێکی سەربەخۆی هیدایەتدانی موسوڵمانبوونن.. 

هەمووی زیاتر لە 550 ئاڵقەیە 

223 جار بینراوە‌
18/01/2019