هەمەڕەنگ

کێشەی چەقبەستوویی کاری سیاسی ئیسلامییەکان

دەرکەوتنی بزاوت و کۆمەڵە سیاسییەکان لە سەرەتای سەدەی رابوردوودا کاردانەوەیەکی سرووشتی و زەروورەتی وەڵامدانەوەی بارودۆخی دوای ئیلغاکردنەوەی سیستمی حوکمی ئیسلامی بوو کە لادان و رادانی "خیلافەت"ی عوسمانی بوو، کە پێش ئەوە بە ماوەی سەد ساڵیک دەبوو وڵاتانی ئیستیعماریی بە شێوەی لاوەکیی و راستەوخۆ بە جیهانی موسوڵمانان وەربووبوون و پێگەی رۆژهەڵاتناسی و موخابەراتیی و سەربازیی خۆیانیان لەوێ جێگیرکردبوو. بەڵام دوای جەنگی جیهانی یەکەم، رێکەوتنە شوومەکەی (سایکس/پیکۆ)یان _کە لە 1916 لەسەری رێکەوتبوون_ جێبەجێکردو ووڵاتی موسوڵمانانیان لەناوخۆیاندا بەشکرد، کە ئەو کاتە چوار دەوڵەت هەبوو: دەوڵەتی عوسمانی، دەوڵەتی قاجاری فارس، دەوڵەتی هیندستانی مەغۆلی موسوڵمان، دەوڵەتی هیندۆنیزیا (واتە هیندستانی رۆژهەڵات کە ئەم چوار ووڵاتەی ئەوسابوو: ئەندۆنیسیا، مالیزیا (سەنگافوورەشی پێوەبوو)،باشووری تایلەند، مەندەناو کە بوو بە باشووری فیلیپین). لەو کاتەوە بزاوت و کۆمەڵکارییە سیاسییە ئیسلامییەکان بۆ ئەوە هاتنە مەیدان تا ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوەو سەروەرێتی دەستوور بۆ شەرع و دەسەڵاتی باڵای سیاسەت و دەوڵەتداریی بۆ سیستمی خیلافەتەکەی ئیسلام بگەڕێننەوە، تا ئوممەتەکە لەژێرسایەی غەیری خیلافەت و شەرعدا نەبێت، نە بە حوکمڕانیی و نە بە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەکەی. بەڵام زۆر بە داخەوە وەکو ئێستا لە هەموومانەوە دیارە، ئەم بزاوت و کۆمەڵە ئیسلامییە سیاسییانە نەک هەر ئەو ئامانجەیان نەهێنایەدیی بەڵکو خۆشیان بوون بە بەشێک لەو واقیعەی کە پێویستی بە گۆڕین هەبووەو هەیە! هەندێک کۆمەڵکاریی بوون بە حزب و کەوتنە ململانێی حزبایەتی لە پەرلەمانە قەستینەکانی لەتە وڵاتە داگیرکراوەکانماندا. هەندێکیتریان کەوتنە قاڵبی دەسەڵاتە چەواشەکارەکانەوە کە سەر بە رۆژئاوای ئیستیعماریی بوون و هەن. هەندێکیتریان کۆڵبوون و کۆڵیانداو لاڕێکەوتن، یان وازیان لە سیاسەت هێناو کەوتنە دروستکردنی رێکخراوی "کۆمەڵگەی مەدەنی"! زۆرینەی ئەم گرووپە سیاسییانە بەداخەوە بوون بەبار بەسەر ئیسلامەکەوە! بیرمەندانی نوێ لە بیری ئەوەدان چۆن ئەمان بگۆڕن؟! چۆن بیانکەنەوە بە ئالییەتی گۆڕانکاریی؟ هەندێک لەمان ئەوەندە خۆیان لە قاڵبی عەلەمانیی و نەتەوایەتیی و نیشتیمانی پەستاوتووە، دەرهێنانەوەو راستکردنەوەیان زۆر زەحمەتبووە! چونکە لەسەر دیدو رێی ئیسلامیی نەماون.. وەنەبێ _بۆ توقیە، یان لەبەر لاوازیی خۆیان_ رواڵەتیان گۆڕیبێت، بەڵکو مەنهەج و دیدو رێبازو ئامانجیان گۆڕیوە، تا لەگەڵ دیدو رێی دەسەڵاتدارانی غەیرە ئیسلامییدا یەکبگرنەوە! ئێ ئەمە خۆی ئینحیرافێکی گەورەیە. خوای گەورە بە هیچ کلۆجێک لە پێغەمبەرە بەڕیزەکەی خۆیی صلی اللە علیە وسلم قبووڵنەکرد. پێی دەفەرموو: (وَإِن كَادُوا لَيَفْتِنُونَكَ عَنِ الَّذِي أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ لِتَفْتَرِيَ عَلَيْنَا غَيْرَهُ  وَإِذًا لَّاتَّخَذُوكَ خَلِيلًا. وَلَوْلَا أَن ثَبَّتْنَاكَ لَقَدْ كِدتَّ تَرْكَنُ إِلَيْهِمْ شَيْئًا قَلِيلًا . إِذًا لَّأَذَقْنَاكَ ضِعْفَ الْحَيَاةِ وَضِعْفَ الْمَمَاتِ ثُمَّ لَا تَجِدُ لَكَ عَلَيْنَا نَصِيرًا) الأسراء/73_75 واتە: خەریکبوو بە تەگبیرێکی خۆیان راتکێشنە بوارو رەفتارێکەوە کە لەگەڵ ئەو وەحییەدا نەدەهاتەوە کە بۆمان ناردوویت، ئەگەر کردبات، دەبوویە یەكیک لەخۆیان و ئەوانیش دەبوونە سەرپەرشتیارت. ئێمە دامەزراوو جێ پێ قاییممان کردیت، دەنا کەمێک ختوورە بە دڵتدا هات، کە بەقسەیان بکەیت. ئەگەر ئەوەت بکرادایە، دەمانخستیتە بەر ئازارو ژانی دنیاو قیامەت، جا ئەو کاتە دەتدی کە کەسێک نەدەبوو ببێتە لایەنگرو پشتیوانت! ئا ئەم هەڕەشە سەختە لەسەر ئەوەبوو کە قوڕەیش عەرزیاندەکرد کە ئەگەر جارێک دەست بەسەری خواکانماندا بهێنێت یان قوربانییەکیان بۆ بکات رێگای دەدەین تەوافی کەعبە بکات و رازیش دەبین زۆرینەی بتەکانمان بە قسەی ئەو بشکێنین! جا هەر کە کەمێک ختوورەی بەدڵدا هات کە رەنگە ئەمە لە بەرژەوەندی بانگەوازەکەم بێت، خوای گەورە ئەو هەڕەشە سەختەی لێکرد.. بۆیە بەردەوام پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم دوعای دەکردو دەیفەرموو: ( اللَّهُمَّ رَحْمَتَكَ أَرْجُو فَلَا تَكِلْنِي إِلَى نَفْسِي طَرْفَةَ عَيْنٍ) ئەلبانی: (صحیح أبي داود 3/250) واتە: خوایە ئومێدم بە رەحمەتی تۆیە، دەی سا بۆ چاوتروکانێکیش نەمدەیتە دەست نەفسی خۆم! ئایەتەکە مەدەنییەو حاڵەتەکەی سەرەتای وەحی مەککەی دەخاتەوە پێشچاو!  هەندێک لەم کۆمەڵە ئیسلامییە سیاسییە، یان شوێنکەوتوانەی دەسەڵات خۆیان بوونەتە گەورەترین کۆسپ نەک لە ڕیی هێنانەوەی سیستمی حوکمی ئیسلامەکەدا، بەڵکو لە رێی خودی بانگەوازە خواییەکەدا!

1548 جار بینراوە‌
19/05/2018